دەستکەوت

قوباد تاڵەبانی لە ساڵی 2014دا لە کاتێکی هەستیاردا پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی وەرگرت. قەیرانێکی دارایی قورس بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا و دابەزینی نرخی نەوتەوە بەرۆکی هەرێمی گرتبوو. هەرێمی کوردستان کەوتەبەر پەلاماری چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و ناسەقامگیری باڵی کێشا بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا. سەرباری هەموو ئەمانەش نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو و بارگرانییەکی دارایی زۆریان خستبووە سەر شانی حکومەتی هەرێم.

لەم دۆخە سەختەدا حکومەت نەک تەنها توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نەبوو، بەڵکو زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنەران پەکیان کەوت. قوباد تاڵەبانی کە هەر لە سەرەتاوە بە پلانی چاکسازی و کاراکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و نەهێشتنی رۆتینەوە چووبووە ناو حکومەتەوە، بەهۆی تەوژمی قەیرانەکانەوە و هەروەها بەهۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و رێگرییەکی زۆرەوە لەلایەن گروپە خاوەن بەرژەوەندییە دەستڕۆیشتووەکانەوە وەک پێویست دەرفەتی نەبوو بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی. بەڵام بەو حاڵەشەوە دەستەوەستان نەبوو، هەر لە ساڵی یەکەمی دەستبەکاربوونی وەک جێگری سەرۆکوەزیران هەنگاوەکانی چاکسازی دەست پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە لەو هەنگاوانە.

بەشێک لەو هەنگاوانەی تا ئێستا ناویەتی بریتن لە:

 

پرۆژەی خزمەت

ئامانج لە پرۆژەکە ئاسانکاریکردنە لە راپەراندنی مامەڵەکانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی گەندەڵی ئیداری و دارایی. پرۆژەکە خۆی دەبینێتەوە لە بەدیجیتاڵکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان و خزمەتگوزاییەکان، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی.

پرۆژەی خزمەت قۆناغی یەکەمی تەواو بووە و لە ئێستادا پۆڕتاڵی خزمەت لە بەردەستدایە. بەپێی پۆڕتاڵەکە هاووڵاتی پێش ئەوەی سەردانی فەرمانگە و دامەزراوەیەکی حکومەت بکات، دەزانێت کە چی پێویستە بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکەی و هەروەها تێچوو و رسوماتەکەی چەندەیە. یان ئەگەر سکاڵا و گلەییەکی هەبوو لە چۆنییەتی مامەڵەکردنی دامەزراوەکە، دەتوانێت هەر لە رێی پۆڕتاڵەکەوە لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکاتەوە.

قۆناغی دووەمی پرۆژەکە کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت بریتییە لە دروستکردنی سیستمی یەک پەنجەرەیی، بەو واتایەی هاووڵاتی کاتێک سەردانی دامەزراوەیەک دەکات پێویست بەوە ناکات سەردانی ژوور بە ژووری دامەزراوەکە بکات، بەڵکو هەموو کارەکانی لە رێگەی یەک فەرمانبەرەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش نەک تەنها کارئاسانییەکی گەورەیە بۆ هاووڵاتییان، بەڵکو کێشەی رۆتین و واستە و واستەکاری و گەندەڵی و دیاردەی بەرتیل وەرگرتن لەناو دامەزراوەکاندا چارەسەر دەکات.

سیستمی ناوەندیی مووچە و تۆماری بایۆمەتری

تا کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم، هیچ ئامار و داتایەکی ورد لەسەر ژمارەی فەرمانبەران بەردەست نەبوو، وەزارەتەکان مانگانە لیستی مووچەخۆرانیان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی دەکرد کە ئەم لیستە شەفاف نەبوو و دەتوانرا مانگانە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و دەرفەتی رەخساندبوو بۆ دیاردەی مووچەی نایاسایی و مووچەخۆری بندیوار. جگە لەوەش لە حکومڕانییەکی دروستدا پێویستە حکومەت لە هەموو روویەکەوە زانیاری وردی لەسەر فەرمانبەرەکانی هەبێت، کەچی تا کابینەی هەشتەم حکومەت هیچ زانیارییەکی وردی نەبوو. هەربۆیە قوباد تاڵەبانی بیرۆکەی سیستمی ناوەندیی مووچەی هێنایە ناو حکومەتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا پرۆژەی تۆماری بایۆمەتری پێشکەش کرد، کە لە هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەمدا خۆی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی کردوە.

تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموو زانیارییەکانی مووچەخۆران لەخۆ دەگرێت. ئەم سیستمە هۆکارێکە بۆ نەهێشتنی مووچەی نایاسایی و کەمکردنەوەی گەندەڵی، هەروەها بووەتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی بەشی هەرە زۆری چاکسازییەکان لە دامەزراوەکانی حکومەتدا.

بەهۆی ئەم تۆمارەوە بە ئاسانی دەتوانرێت چاودێری لەسەر خەرجییەکانی حکومەت بەهێزتر بکرێت و زیاتر لە 50 هەزار پلەی وەزیفی وەهمی سڕایەوە و چەندین ملیۆن دۆلار خەرجی مانگانەی بۆ حكومەت گێڕایەوە. لەسەر بنەمای ئەم سیستمە ئامادەکاری دەکرێت بۆ پێدانی مووچە بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە داهاتوویەکی نزیکدا. لەئێستادا هەموو مووچەخۆرانی هەرێم خاوەنی ژمارەی کەسیی بێهاوتان و لە قۆناغەکانی داهاتووی پڕۆسەکەدا هەموو هاووڵاتییان لەم سیستمەدا تۆمار دەکرێن و دەبنە خاوەنی ژمارەی کەسیی بێهاوتا. لە ڕێگای ئەم ژمارەیەوە خزمەتگوزارییەکان پێکەوە دەبەسترێنەوە.

هەر بەپێی ئەم سیستمە لە ئێستادا لە رێی ئەنجومەنی راژەوە کاردەکرێت لەسەر رێکخستنەوەی سەرچاوە مرۆییەکانی حکومەت و دابەشکردنەوەی میلاکات بەسەر وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی حکومەت بە شێوەیەکی زانستییانەتر. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە چاکسازی ئیداری و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی حکومەت.

پرۆژەیاسای واژۆی ئەلیکترۆنی

هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەکانیدا بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی حکومەت و نەهێشتنی رۆتین لە دامەزراوەکانی حکومەتدا، قوباد تاڵەبانی پرۆژەیاسای واژۆی ئەلیکترۆنی ئامادە کردووە کە بە پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کاریگەریی گەورە دادەنێت لەسەر کەمکردنی رۆتین. بۆ نموونە چیتر هاووڵاتییەک پێویست ناکات بۆ واژۆی بەڕێوەبەرێک چاوەڕێ بکات تا بەڕێوەبەرەکە بە شێوەیەکی حزوری مامەڵەکەی واژۆ بکات.

سەرۆکایەتیکردنی وەفدی دانووستانکاری هەرێم بۆ دانووستانەکانی بودجە

دوای ئەوەی لە مانگی نیسانی ساڵی 2020دا جارێکیتر حکومەتی فیدرال پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجە بڕی، حکومەتی هەرێم لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران تووشی کێشە بووەوە. هەر بۆیە قوباد تاڵەبانی ئەمجارەیان خۆی سەرپەرشتیی وەفدی دانووستانکاری هەرێمی لە ئەستۆ گرت و دوای چەندین سەردان بۆ بەغدا رێککەوتن کرا لەسەر ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە. بەڵام ئەم رێککەوتنە تەنها بۆ ماوەی دوو مانگ لەلایەن حکومەتی فیدرالەوە جێبەجێ کرا.

لە کۆتایی ساڵی 2020 قوباد تاڵەبانی بە سەرپەرشتیکردنی وەفدی دانووستانکار، گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدرال دەست پێکردەوە بە مەبەستی رێککەوتن لەسەر یاسای بودجەی ساڵی 2021، کە دوای چەندین گەڕی دانووستان دواجار رێککەوتن کرا و ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان. دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە، خەمڵاندن بۆ داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم کرا و بڕی 200 ملیار دیاری کرا وەک پشکی مانگانەی هەرێمی کوردستان کە ساڵی 2021 ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ کرا.

دامەزراندنی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون

کاتێک لە ساڵی 2012دا لە ئەمریکا گەڕایەوە، قوباد تاڵەبانی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی دامەزراند و خۆی وەک سەرۆکی فەرمانگە لە حکومەتی هەرێم دەستبەکاربوو. کاری ئەو فەرمانگەیە بەدواداچوون بۆ کار و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم و دواتریش هەڵسەنگاندنی ئەدای وەزارەتەکان لەڕووی جێبەجێکردنی ئەرک و بڕیارەکانەوە بوو.

لەماوەی ئەو ساڵ و نیوەدا کە سەرۆکی فەرمانگەکە بوو، چەندین پڕۆژەی لە بواری راهێنانی تواناکان لە حکومەتدا جێبەجێ کرد، هەروەها پڕۆژەی خزمەتیش هەر لەو کاتەدا بناغەی دانرا.

هاوکاریکردنی کەرتی تایبەت

چەندین ئاسانکاری کردووە تا کەرتی تایبەت بتوانێت هاوشانی کەرتی گشتی رۆڵی بنەڕەتی ببینێت لە بووژانەوە و بەهێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەوانە:

- تۆمارکردنی کۆمپانیاکان:
پێشتر پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیایەک بەلایەنی کەمەوە مانگێکی دەخایاند و لە هەندێک حاڵەتیشدا بەهۆی زۆربوونی رۆتین و کۆنبوونی یاسا و رێنماییەکانەوە چەندین مانگی دەخایاند، بەڵام قوباد تاڵەبانی کە خۆی سەرپەرشتیی هەمواری یاسا و رێنماییەکانی دەکرد، ئەم پرۆسە پڕ لە رۆتینەی کورت کردەوە بۆ یەک رۆژی کارکردن و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت.

- پێداچوونەوە بە رسوماتەکان:
بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانی وەک سەرپەرشتیاری رێکخستنەوە و پێداچوونەوە بە رسومات دیاریکرا. لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی ئامانجەکەی زیادکردنی رسومات نەبوو، بەڵکو رێکخستنەوە و ئاسانکاریکردن لە کۆکردنەوەی رسومات و گونجاندنی پرۆسەکە بوو بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابوری بەهێزبوو.

- رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان:
یەکێکیتر لە دەستکەوتەکانی قوباد تاڵەبانی رێکخستنەوە و بەئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی دەروازە سنوورییەکان بوو کە ئامانجەکەشی شەفافکردنی داهاتی دەروازەکان و خێرا راپەڕاندنی کاروباری بازرگانان بوو.

- یاسای کار و یاسای خانەنشینی کەرتی تایبەت و رێنمایی کاری کرێکاری بیانی
یەکێکی تر لە هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی هەموارکردنەوەی یاسای کار و یاسای خانەنشینی کەرتی تایبەت و رێنمایی کاری کرێکاری بیانییە لە هەرێمی کوردستان. بەپێی هەمواری یاسای کار رکەبەرییەکی تەندروست لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت دروست دەبێت، هەروەها لە هەموارەکە پاراستنی هاوسەنگی جێندەری جێگیرکراوە کە ئەمەش هۆکارێکی گرنگ دەبێت لە گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و تواناسازیی ژنان وەک بەشێکی گرنگ لە هێزی مرۆیی کوردستان.

لە هەمواری پرۆژەیاسای خانەنشینی کەرتی تایبەتیشدا جێگیر کراوە کە فەرمانبەری کەرتی تایبەت بە هەمان شێوەی فەرمانبەری کەرتی گشتی خانەنشین بکرێت و ئەمەش دەبێتە هاندەرێکی گرنگ بۆ ئەوەی هاووڵاتییان کەمتر بیر لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی بکەنەوە. لەگەڵ پاراستنی مافەکانی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت، دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی کەرتی تایبەت و رکابەرییەکی تەندروستیش لەناو کەرتی تایبەتدا دروست دەکات.

لە هەمواری رێنمایی کاری کرێکاری بیانیش کەرتی تایبەت پابەند کراوە بەوەی ئەولەوییەت بدرێت بە دەستی کاری ناوخۆ و تەنیا لە حاڵەتێکدا بۆیان هەیە کرێکاری بیانی دابمەزرێنن کە دەستی کاری ناوخۆ بەردەست نەبێت. هەروەها لە رێنماییەکەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر پاراستنی مافەکانی کرێکاری بیانی بەپێی پێوەر و ستاندارە نێودەوڵەتییەکان.

رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کەرتی تایبەت لە رێگەی کاراکردنی دامەزراوە و فەرمانگەکانی حکومەت بە جەختکردنەوە لەسەر زوو راپەڕاندنی کاروبار و مامەڵەی وەبەرهێنەران و بازرگانان لە داموودەزگاکانی حکومەت.

دروستکردنی لۆبیی کوردی-ئەمریکی

قوباد تاڵەبانی چ ئەو کاتەی نوێنەری یەکێتی بوو لە ئەمریکا و چ ئەو کاتەی دوای ساڵی 2006 نوێنەری حکومەتی هەرێم بوو لە ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە هەر لە ئیدارەی ئەمریکاوە تا کۆنگرێس و ناوەندەکانی تینک تانک و کۆمپانیا و ژوورە بازرگانییەکان دروست کردبوو و ئەم پەیوەندییانەش خزمەتێکی گەورەی بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

لەو ماوەیەدا رۆڵی كاریگەری هەبوو لە دامەزراندنی لیژنەی كوردی- ئەمەریكی لە كۆنگرێس بە پاڵپشتی و بەشداریی 52 كۆنگرێسمان. ئەم لیژنەیە كە لە 23 ئایاری 2008دا دامەزراوە گرەنتییەكە بۆ بەردوامیی پەیوەندی دۆستانە و هاریكارانەی وڵاتە یەكگرتووەكان و رەوەندی كوردی لەو وڵاتە و گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان. هەر بەهۆی هەوڵەکانی ئەم لیژنەیەوە بوو کە بڕیاری کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دەرچوو.

هەروەها رۆڵی كاریگەری هەبوو لە دامەزراندنی ئەنجومەنی كاری كوردی-ئەمریكی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2011. ئەركی ئەم ئەنجومەنە ئاسانكاریی بازرگانییە بۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەگەڵ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی كەرتی تایبەتی ئەمریكی و هەرێمی كوردستان. ئەنجومەنەكە كار بۆ دەستەبەركردنی كەڵكوەرگرتنی جۆرایەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە وەبەرهێنانە بیانییەكان بە جۆرێك ببێتە هۆی بەهێزكردنی دەرفەتە ئابوورییەكان.