پرۆفایل

پرۆفایل


قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلالە. لە ئێستادا و بۆ خوولی دووەم وەک جێگری سەرۆکوەزیران لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کار دەکات.

لە ساڵی 2014دا دەستبەکاربوونی قوباد تاڵەبانی بۆ یەکەمین جار وەک جێگری سەرۆکوەزیران هاوکات بوو لەگەڵ چەندین قەیرانی قورس، کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتبوو. لەلایەکەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، قەیرانێکی دارایی قورس سەریهەڵدابوو. لەلایەکی دیکەشەوە ماوەیەکی کورت دوای دەستبەکاربوونی شەڕێکی قورس لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستی پێکرد.

قوباد تاڵەبانی لەم دۆخە سەختە دارایی و ئەمنییەدا سەرسەختانە پێداگربوو لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی. دواتریش و لەهەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی کوردستان، بەدروشمی ئارامی، هەلی کار و خزمەت، توانی زیاتر لە 180 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت کە بەرزترین دەنگی نێو کاندیدی سەرجەم حیزب و لایەنەکانی تر بوو، بەمەش بۆ جاری دووەم وەک جێگری سەرۆکوەزیران لە کابینەی نۆیەمی حکومەت متمانەی وەرگرتەوە.

بەر لەدەستبەکاربوونیشی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت، تاڵەبانی لە ساڵی 2012دا و لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی دامەزراند و سەرپەرشتی کرد، کە ئەرکی ئەو فەرمانگەیە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی کاروباری حکومەت و ئاسانکاری و دروستکردنی هەماهەنگی بوو لە نێوان وەزارەتەکاندا.

قوباد تاڵەبانی لەو ماوەیەی لە حکومەتدا بەشداربووە، پابەند بووە بە پرەنسیپێکی ناوازە لەسەر بنەمای ئەو باوەڕەی کە حکومەت شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانێی حیزبی و سیاسی نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ خزمەت و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی خەڵک بەپێی ستانداردەکانی بەڕێوەبردنی هاوچەرخ.

لەماوەی تەمەنی دوو کابینەی حکومەتی هەرێم، کە قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکوەزیران کاری کردووە، چەندین پڕۆژەی ستراتیجی جێبەجێکردووە. لە گرنگترینیان؛ پڕۆژەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو، کە لەکابینەی هەشتەمدا دەستی پێکرد و لە کابینەی نۆیەمدا مووچەخۆرانی هەرێم بوونە خاوەنی ژمارەی کەسیی بێهاوتا (UPN). پێش ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە ستراتیجییە، هیچ داتایەک لەبارەی ژمارە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەبەردەستدا نەبووە.

پڕۆژەیەکی تری گرنگ بریتی بوو لە پڕۆژەی خزمەت، لەپێناو باشتر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە هاووڵاتییان و خزمەتخوازان،کە لە رێیەوە تواندرا رۆتین کەمبکرێتەوە و بەرەنگاریی گەندەڵی بکرێت. هەر لەم چوارچێوەیەشدا سیستمی یەکپەنجەرە لە بەشێک لە فەرمانگەکانی حکومەت دەستبەکار بوو. لە پڕۆژە گرنگەکانی تر پڕۆژەی شەفافییەت بوو، کە لە رێی وێبسایتێکەوە هاووڵاتییان دەتوانن رۆژانە داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بزانن و بە ئاسانی دەستیان بەو داتایانە بگات. ئەمە جگە لە راگەیاندنی پلاتفۆرمی سمارت سولی (سلێمانیی زیرەک)، کە لە رێیەوە هاووڵاتییان دەتوانن بەشداربن هەم لە دیاریکردنی کێشە و گرفتەکان و هەم لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان، وەک هەنگاوێک بەرەو دروستکردنی شاری زیرەک.

جگە لەو پڕۆژانە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی لەسەر پرسە سەرەکییە کۆمەڵایەتییەکان چڕبوونەتەوە، وەک کارکردن بۆ باشترکردنی زەمینەی یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەهێزکردنی پێگەی گەنجان لە بوارە جیاوازەکاندا، پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و هێنانە ئارای دەستەواژەی گەشتوکاڵ. ئەمە جگە لە بڕوای تەواوی بە ئازادیی بیروڕا و کاری رۆژنامەوانی و پشتگیری و پشتیوانیی بەردەوامی بۆ رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی. هەروەها لەگەڵ بڕیاربەدەستانی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق کاری کردووە لەسەر پرسی ژینگە و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی.

قوباد تاڵەبانی کە بڕوانامەی ئەندازیاریی میکانیکی لە زانکۆی کینگستۆن لە لەندەن وەرگرتووە، پێشتر و لە ساڵی 2001 تا 2003 وەک یاریدەدەری تایبەتی نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتۆن کاری کردووە. دواتریش بووە بە جێگری نوێنەری یەکێتی لە ئەمریکا. ساڵی 2003 بۆ ماوەی ساڵێك گەڕاوەتەوە كوردستان و وەك کادیرێکی باڵای پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی لە هێزەكانی هاوپەیمانان و دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان كاری كردووە.

تاڵەبانی لە مانگی نیسانی 2004 گەڕایەوە ئەمریکا و وەک نوێنەری یەکێتی لە واشنتۆن دەست بەکاربوو. لە ساڵی 2006 لەگەڵ یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی، وەک یەکەم نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دەستنیشانکرا و تا 2012 لەو پۆستەدا بەردەوام بوو.

لەو ماوەیەدا تاڵەبانی لیژنەی كوردی-ئەمەریكی لە 23ـی ئایاری 2008 لە كۆنگرێس دامەزراندووە بە پاڵپشتی و بەشداریی 52 كۆنگرێسمان، كە گرەنتییەكە بۆ بەردوامیی پەیوەندیی دۆستانە و هاریكارانەی ئەمریکا و ڕەوەندی كوردی لەو وڵاتە و گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها رۆڵی كاریگەری هەبووە لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی كاری كوردی-ئەمەریكی لە مانگی تشرینی دووەمی 2011. ئەركی ئەم ئەنجوومەنە ئاسانكاریی بازرگانییە بۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەگەڵ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی كەرتی تایبەتی ئەمریكی و هەرێمی كوردستان.

قوباد تاڵەبانی لە ساڵی 1977 لەدایکبووە و لە بەریتانیا لەگەڵ باپیرە و داپیرەی، ئیبراهیم ئەحمەد و گەلاوێژ خان، گەورە بووە.

کوڕی جەلال تاڵەبانی سەرۆککۆماری عێراق (2005 تا 2014) و دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، کە یەکێکە لەکاریگەرترین کەسایەتییە سیاسییە ژنەکان لە کوردستان و عێراق.

تاڵەبانی خولیای تۆپی پێیە و هاندەری یانەی مانچستەر یونایتدە. هاوسەرگیری لەگەڵ شێری کراهام کردووە و خاوەنی دوو منداڵن بە ناوەکانی ئاری و لارا.