ھیچ شەرەفێک لە ژنکوشتندا نییە
➤ گەڕانەوە 2022-05-02

ھیچ شەرەفێک لە ژنکوشتندا نییە


وا راهاتووین بەیانیانی جەژن بە تەلەفۆنی پیرۆزبایی و سەردانیکردنی یەکتر رۆژەکەمان دەستپێبکەین، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بە بیستنی هەواڵی تاوانێکی دڵتەزێن چاومان کردەوە، سەرلەنوێ پیاوێک لای ئاسایی بوو ژنێک بکوژێت.

سوپاس بۆ خوا و بۆ خەمخۆریی خەڵکی کوردستان و بۆ راگەیاندنەکان کە ویژدانی هەموومانیان هەژاند. سوپاس بۆ هێزە ئەمنییەکان کە فریاکەوتن و پێش ئەوەی بکوژەکە، خۆی بزر بکات، یان بزر بکرێت، دەستگیریان کرد.

بەس تا کەی؟! تا کەی هەموو هەفتەیەک ئەبێت گوێبیستی کوشتنی ژنێکی تر بین بە ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی؟ یان بە ناوی شەرەفەوە؟ ئاخر بۆ خاتری خوا چ شەرەفێک لە ژنکوشتندا هەیە؟ وەڵا هیچ شەرەفێک لە ژنکوشتندا نییە.

ئەمەوێت قسەیەک لە دڵەوە بە ژنکوژەکان بڵێم، بەڵێن بێت تا ئەو کاتەی لەم پۆستەمدا بم و لەهەر شوێنێک قسەم بڕوات، ناهێڵم لە دەستی یاسا دەرباز ببن‌ و دەبێ سزای خۆتان وەرگرن، لەهەر کوێیەک بن دەستگیرتان دەکەین. ئەم قسەیە لە من وەربگرن: بەڵێن بێت ناهێڵم ئارام بخەون. وەک داعشێک مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین.

چۆن ئێوە بێ رەحمن بەرامبەر ئەو ژنانەی دەیانکوژن، ئاوها بێ رەحم ئەبین بەرامبەرتان، چونکە دڵنیام خەڵکیش لەگەڵمان دەبن و پێیان خۆش دەبێت توندترین سزاتان بدەین، دڵنیام میدیاکارەکانیش پێیان خۆش دەبێت بێ رەحم بین بەرامبەرتان. چونکە ئەوەی ژن ئەکوژێت نە شایەنی رەحمە، نە شایەنی لێبوردنە.

دەبێت بە هەموومان بیری ژنکوشتن رووڕەش و ریسوا بکەین. کات هاتووە بیری ژنکوشتن لە رەگ و ریشەوە لە کۆمەڵگاکەمان هەڵتەکێنین. بۆ ئەمە، فشاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چاو و قەڵەمە تیژەکەی نووسەر و رەخنەگر و راگەیاندنکارەکانمان پێویستە. وتە کاریگەرەکانی مامۆستایانی ئاینیمان پێویستە کە بە بیرمان بهێننەوە ژنکوشتن وەک هەمو کوشتنێکی تر حەرام کراوە.

بەو هیوایەی رۆژێکی وەک ئەمڕۆمان بەسەر نەیەتەوە.

دروود بۆ گیانی پاکی ئەو ژنانەی تاکە تاوانیان ژن بوونیان بوو.

وتاری تر