مار و پەیژە
➤ گەڕانەوە 2022-09-12

مار و پەیژە


دوابەدوای هەوڵ و کۆششی هێزە ئەمنییەکان کە بە پشتیوانیی هاووڵاتییان و میدیاکارانی خەمخۆر، گومانلێکراوێک بە تاوانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان دەستگیر دەکەین، بە بڕیارێکی دادگا دێینەوە سەر خاڵی سفر.

ماوەیەکە لەسەر دیاردەکانی زیادبوونی رووداوی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و کوشتنیان (بە دەست ئەو پیاوانەی وا دەزانن شەرەفیان بەزێندراوە، بەڵام ئەوان هەرگیز شەرەفیان نەبووە) لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و ناحکومیش کۆدەبمەوە. هەموو ئەوانەی لەگەڵیان دادەنیشم قسەی باش دەکەن، بەڵام هەمووشیان دەڵێن: ئەم دیاردەیە بە قسە بنبڕ ناکرێت.

کرداریش بریتییە لە یاسا، رێنمایی، ئیجرائات، بەدواداچوون، هۆشداریدان و کاری دەستەجەمعی بە گشتی، ئەمانە و چەندین ئالییەتی تر پێویستە وەک یەک تیپی ئۆرکێسترا کار بکەن، ئەگەر یەکێکیان رۆڵی خۆی نەگێڕێت پارچە میوزیکەکە دەشێوێت، ئەمە بۆ دەزگاکانی ‌حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تریش راستە، بە تایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، یان دەبێت بەیەکەوە کار بکەن یان ئامانج ناپێکن. ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی ئەم ئۆرکێسترایە بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت، یان خەمسارد بێت، فەراغێک دروست دەبێت کە شکستمان پێ دەهێنێت.

زۆر تووڕە بووم کە بیستم تۆمەتبارێک بە کوشتنی دوو کچەکەی بە هۆکارێکی لاواز و بە ناو نەبوونی بەڵگەی شایستە ئازاد کراوە. ئەمە چ پەیامێک ئەدات بەو بێشەرەفانەی ژن دەکوژن؟ پێیان ئەڵێت: ئەگەر کچی خۆتت کوشت بڵێ من نەبووم، کوڕە بچووکەکەم بوو، دوایی ئازاد ئەکرێت. تا ئەو کاتەش، کوڕەکەتت ناردووەتە ماڵە کۆنە جاشێک کە دوور بێت لە دەستی هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت.

بەداخم کە تاکو ئێستاش هەندێک دادوەرمان خەمساردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژی دژی ژنان. من پێتان دەڵێم: خۆ هەر رۆژێک دێت ئەو بێشەرەفەی کە کچەکەتی کوشت، سەر دەرەکاتەوە.

روو دەکەمە بکوژەکان؛ دڵنیام خۆت وەک بە ناو باوکێک، هەموو شەوێک کە دەچیت بخەویت و دوورکەوتیتەوە لە دیوەخانەکەت و دوورکەوتیتەوە لەوانەی کە هانتان ئەدەن ئەم بێشەرەفییە ئەنجام بدەن، مەجبور دەبی ئەو رۆژانەت بێتە بیر کە ئەو کچە نازدارانەت لە باوەش بوو و بە زەردەخەنەیەکیان لە خۆشیدا وات دەزانی هەموو دونیا هی خۆت بوو. دڵنیاشم دوا دیمەن کە دێتە بەرچاوت دەموچاوی خوێناوی ئەو جەرگانەت دەبێ کە لە ئەنجامی بێشەرەفی خۆتان یان کوڕەکانتان دەیانکوژن. ئەزانم کە تەنها دەبیت، ویژدانت پێت ئەڵێت کە؛ تۆ نە ئازایت، نە مەردیت، نە کەرامەتی خێزانی خۆتت پاراست، نەشەرەفی خێزانت پاراست (چونکە لە ئەساسدا بێشەرەفیت)، دڵنیام خۆت بەو چاوە تەماشای خۆت دەکەیت کە خوای گەورە تەماشات دەکات، وەک بکوژێک، وەک موجرمێک، وەک بێشەرەفێک.

ئەم شەڕەی دەستمان بۆ بردووە وەک یاری مار و پەیژە وایە، کەی وا دەزانیت بە پەیژەیەک چەند هەنگاوێک سەرکەوتیت، مارێک ئەتهێنێتەوە خوارێ. بەس بزانن ها، هەر بەو پەیژانەدا سەر ئەکەوینەوە، ناهێڵین بکوژەکان بە ئازادی و بە ئیستراحەتی بێن و بڕۆن، هەرگیزیش ناهێڵم خەڵک لە بیری بچێت کە چەندە بێشەرەفن. خوا وەکیلە؛ ئەگەر بە تاقی تەنهاش بم هەر بەدواتانەوە دەبم.

وتاری تر