لە گەرمای تەمموزی بەغداد و باشوورەوە هاتبوون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنکایی تاڤگە و شنەبای سەیرانگا و هاوینەهەوارەکانی کوردستان، کەچی بە داخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی کەسوکار و خانەوادەکانیان کرایەوە.
تاوانە گەورەکەی سەیرانگای پەرەخ ویژدانی هەموو هاووڵاتییانی عێراقی هەر لە دهۆک و هەولێر و سلێمانییەوە هەتا بەغداد و نەجەف و بەسرە هەژاند و هەموولایەکی تازیەبار کرد. ئێستا نەک هەر خانەوادەکانیان، بەڵکو هەموو عێراق خاوەن پرسەی نۆ شەهیدەکەی سەیرانگای پەرەخن.
تاوانەکە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی هەبوو، هاووڵاتییانی کوردستان دووجار ویژدانیان هەژا. جارێکیان وەک هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی عێراق خەمبار و دڵگران بوون بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەهیدبوونی نۆ هاووڵاتیی مەدەنی. جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتوپەنا، کە بەردەوام قوربانین و کەس هاواریان نابیستێت!
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی ١٠٠ هاووڵاتیی مەدەنی هەرێمی کوردستان بە هۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شەهید بوون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک هەڵوێستێکی جدی نەبوو؟
ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە کە ئەمجارەیان حکومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عێراقییەکان بە گشتی و تەنانەت کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەڵوێستی شیاو و گونجاویان هەبوو، بەڵام جێی خۆشییەتی وەبیریان بهێنێنەوە کە ئێمە لە رابردوودا بە دەیان جار داوای هەڵوێستی جدیمان لێکردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق، کەچی بە داخەوە تەنها یەک دوو جار نەبێت کە بە ئیدانەکردنێکی سەرپێیی لە کۆڵ خۆیان کردەوە.
ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگبوو کارەساتی بەر لە چەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێکی جوان لە مانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێکمان بە فڕۆکە رەوانەی بەغدا نەکردایە
من دەڵێم خوێنی کەس لە کەسی تر سورتر نییە!
ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١١دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر تاوانی شەهیدکردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیکەی خانەوادەکەی لە چیای کورتەک، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر شەهیدکردنی ٨ هاووڵاتیی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبوایە بەرامبەر بە شەهیدکرانی دەیان هاووڵاتیی مەدەنی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەکەی سەیرانگای پەرەخ روویدابایە.
بەپێی دەستوور پاراستنی سەرەوەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە، هەر بۆیە چ وەک حکومەتی هەرێم و چ وەک هاووڵاتییانی کوردستان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەکان ئەوەیە بێ هیچ فەرق و جیاوازییەک بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی سەرەوەری عێراق ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.
داواکارم و کار بۆ ئەوە دەکەم ئەم رووداوە کارەساتاوییە تەبایی بێنێتە نێو لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لەیەکیان نزیک بکاتەوە و وایان لێبکات دڵۆپێک خوێنی هاووڵاتییەکمان لە هەموو شتێکی تر پێ گرنگتر بێت. حکومەتێک دەتوانێت ژیانی هاووڵاتییان و سەروەریی خاکەکەی بپارێزێت کە بتوانێت لە ناوخۆدا کۆک و تەبابێت و جێی متمانەی هاووڵاتییانی بێت.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی گوندی پەرەخ و سەرجەم شەهیدانی بۆردومانەکانی ساڵانی رابردوو.