لە پاش هەموو ناخۆشییەك نۆرەی خۆشییە
➤ گەڕانەوە 2020-12-31

لە پاش هەموو ناخۆشییەك نۆرەی خۆشییە


كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، پێکەوە ساڵێكی دژوار و سەختی دارایی و تەندروستیمان بەڕێكرد، وا لە دەسپێكی ساڵێكی نوێداین؛ 2021، كە ئەویش كاریگەرە بە لێكەوتەكانی كۆرۆنا لەگەڵ كێشە و گرێ و گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، نیوەی یەكەمی ساڵی نوێ هەستیارییەكی تری لە هەناودایە كە وەرزی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو و بەرزبوونەوەی تای كێبڕكێ و ململانێی سیاسی و كەسی و تەنانەت تایفی و نەتەوەییەكانیشە لەسەر ئاستێکی فراوان. ئەمە لەكاتێكدایە خەڵكی كوردستان و هەموو عێراق بە گشتی خۆیان هیلاك و ماندووی دۆخی دارایی و ترس و دڵەڕاوكێی ئایندەی خۆیان و خێزانەكانیانن.

گەلی ئێمە مێژوویەكی درێژ و یادەوەری تفت و تاڵی زۆری هەیە لەگەڵ قەیران. لە هەمان كاتیشدا پێشینەی پشوودرێژی و ئازایەتییەکی بێوێنەی هەیە لە تێپەڕاندنی ناخۆشییەكان و سەركەوتن بەسەر تەنگ و چەڵەمەكان. هەوێنی ئەم سەركەوتنانەشی بە پلەی یەكەم لە یەكڕیزی و گیانی لە خۆبردوویی و هاوكاریكردنی یەكتردا بووە، بە تایبەت ئەو كاتانەی یەخانگیری مەترسییەكان بووە. بۆ ئەم ساڵەشی كە دادێت لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە ژیاندنەوەی ئەم گیانە هەیە لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵ. نابێ رێگە بدەین ناكۆكییە سیاسی و حیزبی و دەستەگەرییەكانمان زاڵ بن بەسەر ئامانجە نەگۆڕەكانمان، لە پێش هەموویەوە پاراستنی خەڵك و خاك و قەوارەی هەرێمی كوردستان لە هەر مەترسییەك كە دەشێت لە هەر ئان و ساتێكدا سەرهەڵبدات.

هەوڵدان بۆ تەبایی و دروستكردنی كۆدەنگی ئەرکی سەرشانی هەموومانە. پێویستە هەر کەس و لایەنێک لای خۆیەوە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا گەورەیی بنوێنێت و لە بەشێک لە بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکان خۆش بێت. بۆ ئەم مەبەستەش هیوامان بە چاكەخواز و خەمخۆرانی میللەتی خۆمان زۆرە و چاوەڕوانین هەر کەس و لایەنێک لەلایەن خۆیەوە دەستپێشخەربێت و هەنگاو بنێت.

ئەوەشی پەیوەندی بە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانەوە هەیە، ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گشتی و تیمی دانووستانكار لەگەڵ بەغدا، درێغی ناكەین و لە كار و كۆشش بەردەوام دەبین بۆ زاڵبوون بەسەریاندا. لە ماوەی رابردوودا لە بەغدا زۆر هەنگاو چووینە پێشەوە، زۆر كاری ترمان ماوە لەم دۆسیەدا تا بگەینە دابینكردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تری نێوان هەرێم و حکومەتی فیدرال، لە نێویاندا کۆتاییهێنان بە سەرهەڵدانەوەی تەعریب لە کەرکوک و هەموو ناوچە جێناکۆکەکان، هەروەها بەدەستهێنانی مافی جوتیارانی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عێراقدا.

لەهەمانکاتدا ئەرکی هێزە سیاسییەکانە کە هەوڵ بدەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکگرتووتر بن لە پێناو خێراترکردنی چاکسازی و هەروەها لە پێناو بەڕێوەبردنێکی باشتر و شایستەتر بۆ هەموو عێراقییەکان بە دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیشەوە. دەبێت بە کردار ئەو تێڕوانینە هەڵەیە بسڕینەوە کە حکومەت و دەسەڵاتدارانی کوردستان تەنها هەرێمی کوردستانیان بەلاوە گرنگە و بەشەکانی تری عێراق پشتگوێ دەخەن. کوردستانێکی بەهێز بە بەشدارییەکی کارا و بەهێز لە عێراقێکی بەهێزدا دێتە دی. بەڵام کوردستان هەرگیز ناتوانێت ئەو کاریگەرییەی هەبێت ئەگەر لەناو ماڵی خۆماندا تەبا نەبین. تەباییش بە سەپاندنی ئیرادەی زۆرینە نایەتە دی، و بە پەیڕەوکردنی سیاسەت و رق و کینە لە دژی یەکتری دروست نابێت. تەبایی بە رێکەوتن لەسەر خاڵە ستراتیژییەکان لە لایەکەوە و بە پەیڕەکردنی کێبڕکێیەکی سیاسیی تەندروست لەلایەکەیترەوە دروست دەبێت کە دوور بێت لە شکاندنی کەسایەتی یەکتر و دوور بێت لە تەشهیرکردن بە رەمزەکانی یەکتر. مەترسییەکانی بەردەممان وادەخوازن کە دووربینانە بیربکەینەوە و لە ئێستاوە بکەوینە کاری جدی.

سەرباری لەمپەر و كەشی ئاڵۆز و قورسایی دانوستاندنەکانمان لەگەڵ بەغداد، گەشبینین و چاوەڕێ دەکەین بە پەرەپێدانی هەوڵەكانمان لەماوەی داهاتوویەکی نزیکدا بەرەو دەستکەوتی گەورە بۆ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەنگاو بنێین.

لە پاش هەموو ناخۆشییەك نۆرەی خۆشییە و تونێلەكە چەندە درێژ و تاریک بووبێت، رووناكی لە كۆتاییەكەیدا دیارە. هیوا و باوەڕی زاڵی ئێمەش ئەوەیە لەگەڵ 2020دا ماڵئاوایی بكەین لە ترسناكییەكانی بەشێكی زۆر لەو كێشە و قەیرانانەی ژیانیان لێ تێكداین، لە پێش هەموویانەوە كۆرۆنا و بۆ قەیرانەكانی دیکەش باوەڕمان بەكار و پێداگریمان هەیە لەسەر هەوڵی چارەسەركردنیان.

بە هیوای ساڵێكی خۆشتر و باشتر بۆ هەموولایەك و هەموو ساڵێك هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن

 

وتاری تر