ئەمڕۆ ساڵێکى تەواو بەسەر کۆچى دوایی شۆڕەسوارى خهبات و سیمبولى دیبلۆماسییەتى کوردیی و ئەندازیارى شۆڕشى نوێى گەلەکەمان، مام جەلالدا گوزەری کرد. لەم رۆژەدا و پاش لێبڕان و خەباتێکى 70 ساڵه ئەو جەنگاوەرە چاونەترس و سەرکردە پشوودرێژە، لەسەر ئەسپەکەى دابەزى بۆ پشووى هەتا هەتایی. له سهفهری دوا مهنزڵیشدا لە دەباشان و لە تەنیشت شارە حەیاتەکەی خۆى لەنگەرى گرت.
کۆچى مام جەلال ئاوابوونی قۆناغێک بوو لە خەبات، كۆتایی سەردەمێک بوو لە تێکۆشان، ناوبڕى شێوازێكی تایبهت بوو لە مامەڵە و بیر و هزری ژیرانهی واقیعبینانه کە به ناوی "رێبازى تاڵەبانى" بهناوبانگە.
ئەو، کوڕى شێخ حوسامەدینى نوراللەى تاڵەبانى و یەکێک لە رێبەرانى دیارى بزوتنەوەى رزگاریخوازى کوردى بوو، بەڵام دۆست و هەوادار و سەرسام و خۆشەویستانى مام سنوور ناناسن و لە هەر کوێى ئهم دونیایه ناوى بهێنرێت، سەرگوزەشتە و هەڵوێست و ناوبانگ و ئاسەوارى هەیە.
ساڵێکە مام جەلالى سکرتێرى گشتى و تاڵەبانیى سەرۆک، ماڵئاوایی لێکردووین، بەڵام ئێمە هێشتا بڕوامان نەکردووە بە مەرگى جهرگبڕی ئهو، هەمووکاتیش بە گوفتار و بە هەڵوێستە تۆمارکراوەکانى رۆح و ئادگاری وەک سێبەرى خۆمان لەگەڵماندا دێت و دهچێت.
ساڵێکه مام لێمان دووره، بهڵام له ههموو کات لێمان نزیکتره، چونکه پاش ساڵێك له بێ مام جهلالی تێگهشتین که له ههموو کاتێک زیاتر پێویستیمان به تێگهیشتنه له رێبازهکهی، له وته به نرخهکانی، له كردارهكانی، له ئهزموونی تێکۆشانی بێوچانی سیاسییانهی، له نەبەردیی 70 ساڵ خهباتی پێشمهرگایهتییانهی.
ماڵئاوایی مام جەلال زیانێکى گەورە بوو نەک تەنها لە یەکێتی، بەڵکو لە گەلی کورد و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت ناوچەکەش، زیانێکی گەورە بوو لە سیاسەتى واقیعبینى، لە کرانەوە و پێکەوەژیان و دۆزینەوەى رێگاى سێیەم بۆ چارەسەرى کێشەکان لە نێوان دووڕیانی سهختی بەڵێ و نەخێردا.
غیابى مام کەلێنێکە لەنێوماندا کە پڕکردنەوەى لە مەحاڵەوە نزیکترە، لەوەتەى كۆچیشی كردووه، پێمان نهكراوه پڕی بكهینهوه. مام جەلال چ وەک پێشمەرگە و چ وەک سەرۆککۆمار، بە هاوبەشى و هاوکارى لەگەڵ کاک مەسعود بارزانى، لە قۆناغەکانى خەباتدا زۆر دەسکەوتى گرنگ و بنەڕەتییان بۆ کورد فەراهەم کردووە، گەلێکجاریش بە گیانى برایانەى کوردانە، ئەم هەرێمەیان لە تەنگەژە و قەیرانى قووڵ رزگار دەکرد، بەمەش دۆستانیان دڵخۆش دەکرد و ناحەزانیش پێى قەڵس و نیگەران دەبوون. لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا مام جەلال هیچ کات بە گیانی حیزبییانە مامەڵەی نەکردووە، بۆ یەکڕیزیی گەلی کوردیش هیچ دەستپێشخەری و بەدەمەچوونێکی بەنەرمکێشی و سازش نەدەزانی و ئێمەش لەئێستادا لە هەموو کات پێویستمان بەم گیانەیە و نابێت لەپێناوی یەکڕیزیدا قەت لە تۆمەتبارکردنمان بە سازش بترسین.
لە یەکەم ساڵیادى کۆچى دوایی مام جەلال و هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی لیستى یەکێتى، ئێمە پێ دەنێینە قۆناغێکى نوێى ژیانى سیاسى، پێویستمان بە سازکردنى کۆنگرە و تۆکمەکردنەوەى ریزەکانى یەکێتى و درێژەدان بە یەکڕیزیى ئەم هێزە تێکۆشەرە مۆدێرنە هەیە کە دیارترین و گەورەترین میرات و یادگاریی مامە.
لەسەر ئاستى کوردستانیش دەستى دۆستایەتى و برایەتى و هاوپەیمانێتى بۆ هەموو هێزە ڕەسەن و نیشتمانییەکان درێژ دەکەین لە پێناو کوردستانێکى ئارام و بەهێزدا کە ژیانێکى شایستەى تێدا بۆ هەموو تاکێکى کورد فەراهەم بکرێت. بۆ هەر هەنگاوێکیش کە بەرژەوەندى خەڵکى تێدابێت، یەکێتى هەوێنى پێکەوەژیان و فاکتەرى خێر دەبێت، ئەمەش بە بەشێک لە ئاسوودەکردنى رۆحى مامی کوردایەتی دەزانین کە هەموو ژیانى خۆى لە لاوێتییەوە تا پیرى لەپێناودا تەرخان کرد.
بۆ کەرکوک و ئیستیحقاقەکانى بەغداش، رەنگە هیچ مەرهەمێک هێندەى رێبازەکەی مام، بۆ برینەکانى ئێستامان چارەسەرى ساڕێژکەر نەبێت و ئێمە لهبهر رۆشنایی رێبازهكهی مام بە هەموو هێز و توانامانەوە پارێزەرى مافەکانى نەتەوەکەمان دەبین و ههموو توانامان دهخهینه گهڕ بۆ چهسپاندنی سیستمێکى فیدراڵى نا سێنتراڵى لامەرکەزی و جێبەجێکردنى مادەى ١٤٠ و نەهێشتنى حەیف و دڵشکاوییەکانى رۆڵەکانى کورد، لەم یادە مەزنەشدا بەڵێن دەدەین کەرامەتی تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەسەروو هەموو شتێکەوە دابنێین و لە ماوەی داهاتووشدا بە کردەیی ئەم قسەیەمان دەسەلمێنین.
جارێکی دیکه لهگهڵ روحی مامی گهورهمان پهیمان نوێ دهکهینهوه که خوێندکارێکی به وهفای قوتابخانهکهی بین و لهم ساڵیاده خهمناكهدا سهرهخۆشی له خۆمان و ههموو كادر و جهماوهری یهكێتی و ههموو كوردێكی نیشتمانپهروهر دهكهین، چونكه مام سهركرده و خهباتگێڕی نهتهوهیهك بوو نهك حیزب و ئایدیا و كۆمهڵێكی دیاریكراو.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوبن