لە یادی 9ـی نیساندا
➤ گەڕانەوە 2019-04-09

لە یادی 9ـی نیساندا


٩ـی نیسان لای من تەنیا رۆژی کەوتنی بەعس و کەوتنی دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژی وەک سەدام حسێن نییە، بەڵکو ٩ـی نیسان لای من ئەم واتایانەی هەیە:

- کورد هەمیشە لە سەر حەق بووە، کورد لە یەکەم رۆژەوە تا دواین رۆژی تەمەنی بەعس دژی سەدام و رژێمەکەی وەستایەوە، باجەکەشیمان بە هەزاران شەهید دا، بە دۆزەخی هەڵەبجە و ئەنفال و کیمیاباراندا تێپەڕبووین، بەڵام دواجار ئێمەی کورد سەرکەوتین و بەعس و سەدام کۆتاییان هات، ئێمە لەسەر حەقین و ھەمیشە خواستەکانی گەلی کورد سەردەکەوێت، بۆیە با چیتر نە لە ئێستا و نە لە داهاتووشدا کەس دژایەتی خواست و داواکانی کورد نەکات، چونکە حوکمی مێژووە خواستی کورد سەردەکەوێت.

- دەبێت رۆژی ٩ـی نیسان وەک رۆژی کۆتاییهاتنی دیکتاتۆری و ملهوڕی و کلتوری سڕینەوە و یەکتر قبووڵنەکردن سەیر بکەین، هەر کەس و حیزب و لایەنێک بیر لە سڕینەوە و لەناوبردنی ئەوانی تر بکاتەوە، بیر لەوە بکاتەوە رۆژێک ببێتە دیکتاتۆر و حاکمی موتڵەق، ئەوا بە دڵنیاییەوە رۆژێک کۆتایی دێت، کە واتە با هەموومان بۆ هەمیشە بیری یەکتر سڕینەوە و یەکتر قبوڵنەکردن لە مێشک و خەیاڵی خۆمان فڕێ بدەین و ئاشتەوایی و رێککەوتنی نیشتمانی بێنینە ئاراوە.

- ٩ـی نیسان بە واتای ئەوە دێت کە گەل حکومڕانی باشی دەوێت، گەل تەنیا پشتگیری لەو حکومەتە دەکات کە خزمەتگوزاری خەڵک بێت، من وەک کەسێک کە بەشێکی بەرچاوی گەلەکەم متمانەی پێداوم جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە کە بە هەموو هێز و توانامەوە هەوڵ دەدەم بۆ دروستکردنی حکومڕانییەکی خزمەتگوزاری خەڵک، هەوڵ دەدەم بۆ ئەوەی خەڵک شانازی بە حکومڕانییەکەیان بکەن و داکۆکی لێ بکەن، نەک ئەو حکومڕانییەی خەڵک بە رووخانی دڵخۆش بن، من زۆرباش تێدەگەم لەوەی خەڵک گلەییان لە حکومڕانی خۆمان هەیە و مافی خۆشیانە، بەڵام هەموو هاووڵاتییان دڵنیا دەکەمەوە کە هەموو هەوڵی من بۆ ئەوەیە حکومڕانییەکی باش دروست بکەین کە شایستەی ئەو دەریا خوێنە بێت کە کورد لە پێناوی ئازادی و بەختەوەریدا بەختی کردووە.

- ٩ـی نیسان بۆ من وەبیرهێنەرەوەی دڵۆپ بە دڵۆپ خوێنی شەهیدەکانمانە، وەبیرهێنەرەوەی هەموو ئەو ئازارانەیە گەلەکەمان بە دەست ستەمی دەسەڵاتی بەعسەوە بینی بۆ ئەوەی بە ئازادی و بەختەوەری بگات، ٩ـی نیسان ئەو ساتە وەختەیە کە خوێنی شەهیدەکانمان بەرهەمیدا، راستە هێشتا بە بەختەوەری نەگەیشتووین، راستە کەموکووڕیمان هەبووە، بەڵام من وەک یەکێک لە خۆتان بەڵێن دەدەم و سوێند بە دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی شەهیدەکانمان و بە سات بە ساتی ئازارەکانی تاک بە تاکی هاووڵاتییەکانم دەخۆم بۆ ساتێکیش ئامانجەکانتان لەبیر ناکەم و بە هەموو هێز و توانامەوە بۆ پێشخستنی وڵات تێدەکۆشم، بەڵام داوایەکیشم هەیە ئەویش ئەوەیە با لە ئاست هاشوهوشی موزایدەچییەکاندا وشیار بین، هەر ئەو موزایدەچییانەی دەیانەوێت سەدامی گەورەتاوانباری مێژوو، سەدامی ئەنفال و کیمیاباران لە بەرچاوی خەڵک بکەنە پیاوچاک.

هەموومان پێکەوە وڵاتەکەمان پێش دەخەین، هەموومان پێکەوە کوردستان دەکەین بە نیشتمانی هەمووان.

 

وتاری تر