لە یادی کاک نەوشیرواندا
➤ گەڕانەوە 2019-05-09

لە یادی کاک نەوشیرواندا


‏‎دوو ساڵ لەمەوبەر، گەلی کورد یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی خەباتی خۆی لەدەستدا، كە کاک نەوشیروان بوو. بەو پێیەی كۆچكردوو سیمبولێكی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانە ژیانئاواییەكەی دڵی زۆربەی هەرە زۆری كوردی لە هەموو جێگایەكی دنیا داخورپاند. هەموو ژیانی بۆ خەبات لە پێناو کورد و کوردستاندا تەرخان کرد، هەر بۆیە دۆستەکانی خۆشیاندەویست و نەیارەکانیشی رێزیان لێ دەگرت.

بە درێژایی مێژووی سیاسیمان، کەم سەرکردە و سیاسی وامان هەبووە وەک کاک نەوشیروان خاکی بێت، سادە و بێتەماح بێت، هاوکات خوێندەوار و رۆشنبیریش بێت.

هەم لە بوارە مەیدانییەکەی سیاسەتدا کەسێکی دیار بوو، هەم لە بوارە تیۆرییەکەشدا لێهاتوو و زانا بوو. هەر لەبەر ئەمەشە لە سەرەتای ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتییەوە تا ئەو رۆژەی کۆچی دوایی کرد، لە بەشێکی زۆری دەستکەوتە سیاسی و گۆڕانکارییە گەورەکاندا بەشداریی بەرچاوی هەبووە.

کاک نەوشیروان بە راستی بە تەنگ دۆزی گەلەکەیەوە بوو، بەردەوام هەوڵی داوە ژیانی خەڵک باشتر بێت و بەم هۆیەشەوە رێز و خۆشەویستی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێنا.

"کاکە نەوە" یەکێک بوو لە نزیکترین هاوڕێکانی مام و چوار دەیە لە خۆشی و ناخۆشیدا پێكەوە بوون. ئەم دوو هاوڕێیە دوو عەقڵی گەورەی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە بوون، مێژوو و دەستکەوتە مەزنەکانیان، خۆشەویستی جەماوەر بۆیان، ئەو راستییەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە هەتا کورد بمێنێت ئەم دوو هاوڕێ و هاوخەباتە لەبیر ناکات. ئەوەی بە لای منەوە زۆر گرنگە ئەوەیە کاتێک لە جێیەکدا جیاوازییەک لە تێڕوانینی ئەم دوو سەرکردەیەشدا دروست بوو بێت، لە کۆتاییدا کاری نەکردۆتە سەر هاوڕێیەتییەکەیان و وەفایان بۆ یەکتری لە دەست نەدا. بۆیە تاکو ئەو رۆژەی جێیانھێشتین، هەر هاوڕێ و خۆشەویستی یەکتر بوون.

بە دڵنیاییەوە کاک نەوشیروان یەکێکە لەو سەرکردە سیاسییانەی کە هەرگیز نامرێت و هەرگیز لەبیر ناکرێت.

 

وتاری تر