باوکە گیان سڵاو...
➤ گەڕانەوە 2020-10-03

باوکە گیان سڵاو...


چەند رۆژێکە بیر لەوە دەکەمەوە هاتمە خزمەتت چیت پێ بڵێم و چیت بۆ باس بکەم! کوردستان وەک سەردەمی تۆ نەماوە؛ بارودۆخ خراپە و گوزەرانی خەڵك باش نییە.

ئەم بەیانییە تەماشای هەندێک لە وێنەکانتم دەکرد لە هەموویاندا گەشبین و دەم بە پێکەنین بووی، بیرم لەوە دەکردەوە سیحری ئەوە لە چیدایە کە لە ساتە ناخۆش و تاریكەکانیشدا هەر بە هیوا و ئومێدەوە دەتڕوانییە داهاتوو؟ بیرم لەوە دەکردەوە بۆچی بەر لەوەی نەخۆشی بە یەکجاری لە سیاسەت دوورت بخاتەوە، نەک تۆ، بەڵکو هەموو کورد بە هیوا و بە گەشبینییەوە ئەیانڕوانییە ئایندە؟

پێموایە هۆکارەکەی ئەوەبوو؛ تۆ لە رێبازی خۆت دڵنیابووی، گەلیش متمانەیان پێت هەبوو. رێبازی تۆ هەوڵدان و لێبڕان و ماندوونەناسی بوو لەپێناو ئازادی و بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەر لەبەر ئەمەش بوو هەر کاتێک کێشە و قەیرانێک هەبوایە چارەسەرێکت پێ بوو كە هەمیشە لە بەرژەوەندیی گشتیدا بوو نەک لە بەرژەوەندیی تایبەتی هیچ كەس و لایەنێك.

رێگای تۆ رێزگرتنە لە بیرکردنەوە و بۆچوونی جیاواز. ئەوانەی رەخنە قبووڵ ناکەن و پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی و هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە دڵنیاییەوە دوورن لە بیروبۆچوونی ئازادیخوازانەی تۆ.

میراتی تۆ كێبڕكێی تەندروستی سیاسییە، رێزگرتنە لە نەیار و ركابەر، هەوڵدانە بۆ یەکێتی و یەکڕیزی گەلی کورد، كۆكردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان، رێزگرتنە‌ لە‌ سیمبولە‌كانی نیشتمان، بەڵام بە داخەوە لەو کاتەوە تۆ جێتهێشتووین زیاتر پەرش و بڵاوین و وەك جاران یە‌كڕیز نین.

ئێستا کە سێ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی تۆدا تێپەڕدەبێت بەڵێنت پێ دەدەم تا مردن لەسەر رێبازی تۆ بەردەوام دەبم. هەرچەندە لەلایەن خەڵکانێکی مافیائاسا و پیسخۆر و گەندەڵەوە رێگری زۆر دەخرێتە بەردەمم، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە بە هەموو توانامەوە هەوڵ دەدەم خزمەت بە خەڵكی كوردستان بكەم.

باوکە گیان... 

بەڵێنت پێدەدەم وەک تۆ شەڕ لەپێناو ئازادیی گشتی و ئازادیی بیروڕا دەکەم. وەک تۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووس و رەخنەگران و نووسەران دەکەم و بەرگریكاری مافی ژنان دەبم.

دڵنیابە لەگەڵ دڵسۆزانی راستەقینەت لە ئێستا بە دواوە بە گوڕوتینی زیاترەوە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئامۆژگارییەکانت تێدەکۆشین بۆ چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و یەکێتی ناو ریزەکانی یەکێتی و یەکێتیی ریزەکانی کورد. دەزانم لەم رێگەیەدا تووشی رێگری و ناخۆشی و کۆسپی زۆر دەبین، بەڵام بە شانازییەوە هەرچی ناخۆشی و سەختییە قبوڵی دەکەین و چی لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت ئەوە دەکەین.

کوڕی خۆت

قوباد

 

وتاری تر