زۆر کەس نیگەران بوون لە ناوەڕۆكی پڕۆژەیاسای میدیای ئەلیكترۆنی، بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشی و گەشبینییە، کاردانەوەی ئەو كۆمەڵە زۆرەی هاووڵاتی و میدیا و نووسەر و چالاكوانەکان بوو لەسەر ماف و ئازادییەکان، ئەمەش ئاماژەی کۆمەڵگایەکی زیندووە كە هاووڵاتییان ئامادە نین دەستبەرداری مافە بنەڕەتی و گەردونییەکانی خۆیان بن کە ئازادی و ئازادی رادەربڕین لە سەرووی هەموویانەوەیە.
زۆرێك لەو رۆژنامەنووس و میدیاكارانەی قسەم لەگەڵدا كردوون، رەخنە و نیگەرانیی جدییان لە پڕۆژەیاساكە هەبوو؛ هێشتا لە هەرێمی كوردستان خاوەن دەستووری تایبەت بە خۆمان نین، هەروەها لەم خولەی پەرلەمان و حكومەتیش بایی هێندە بارگرانی و كێشەی تەندروستی و ئابووری هەیە كە هەموو کاتی خۆمانی بۆ تەرخان بکەین.
لە لایەكی تر راستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە ئەویش هەبوونی دۆخێکی ئاژاوە و ژەهراوییە لەناو میدیا و سۆشیاڵ میدیا، بەجۆرێك تەشهیر و ناوزڕاندن و سوکایەتیکردن بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە، بەڵام لەمەشدا سۆشیاڵ میدیای سپۆنسەركراو بە پارەوپوولی سیاسی، بەرپرسیاری سەرەکین لەم دۆخە، ئەمەش دەرگایەكی تری گەندەڵییە.
رەنگە هەندێک کەس و لایەن پشتگیریی یاسایەك بکەن كە کۆتایی بەو پاشاگەردانییە بهێنێت، بەڵام بەندە لەگەڵ ئەوەی یەكێكم لە قوربانییەکانی دیاردەی تەشهیر و ناوزڕاندن و لە هەموو بۆنەیەكدا بە راست و چەپدا هەر ئامانجم، بەڵام بە تەواوی دژی هەر پڕۆژەیاسایەکم ئازادی رادەربڕین بەرتەسک بکاتەوە، پێشموایە بۆشایی یاسایی باشترە لە دانانی یاسایەك کە دەرفەتی ئەوەی تێدا بەدی بکرێت لەلایەن دەسەڵات و بەرپرسانەوە خراپ بەکاربهێنرێت.
یەكێك لە كێشەكانی پرۆژەیاسای نیوەچڵ، دەرفەت رەخساندنە بۆ خراپ بەكارهێنانی، هەروەها دروستكردنی مەترسییە لەسەر هاووڵاتییان كە زۆریان تەنها ئەكاونتەكانی خۆیان شك دەبەن بۆ دەردەدڵی، من كە خۆشبەختانە جگە لە پەیجی فەرمی خۆم، هیچ پەیج و ئەکاونت و میدیایەکم نییە و هەموو میدیای كوردییش بە هی خۆم دەزانم، پێموایە ئەگەر یاسایەك هەبێ بۆ سزادانی میدیا و سۆشیاڵ میدیا ئەوە لە داهاتوودا بەشێوەیەكی سەرەكی بەرۆكی دەزگاکانی وەک ئاوێنە و هاووڵاتی و سپی میدیا و شارپرێس و كوردستان تایمز و وێستگەنیوز و هاوشێوەکانیان و سۆشیاڵ میدیا بێ پشتوپەناکان دەگرێتەوە و كەناڵ و سۆشیاڵ میدیای بەرپرسانی لێ پارێزراو دەبن، كەسیش دەستی بە پەیج و ئەكاونتی بێ ناونیشان و نهێنی ناگات.
لەم سۆنگەیەشەوە دەستخۆشی لە كشاندنەوەی پڕۆژەیاساكە دەكەم تا ئەگەینە قۆناغی دەستووریی تایبەت بە هەرێمی كوردستان. با لەبری یاسای میدیای ئەلیكترۆنی، پێكەوە كار لەسەر پڕكردنەوەی كەلێن و درزەكانی یاسا بەركارەكانی تر بكەین وەک یاسای رۆژنامەگەری و یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، كە ئەوەی دووەمیان زۆرجار بووەتە كێشە و بارگرانی بۆ نووسەر و میدیاكاران و لەبری یاسای رۆژنامەگەری بەو یاسایە زیندانی كراون، ئەگەر بۆشاییەكیش هەیە لەبارەی میدیای ئەلیكترۆنی دەكرێت لەئێستادا لەو دوو یاسایەدا بەپێی ستانداردەكانی دنیای كراوە چارەسەر بكرێت و جێگەیان بكرێتەوە.